ئۆربان ئالین سەرۆکی پەرلەمانی سوید، لە کاتی پێشوازیکردن لە د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان وتی؛ "بەخێربێن بۆ سوید، ئێمە خۆمان بە دۆستێکی نزیکی ئێوە دەزانین، هەمو فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی سوید، کۆ دەنگن کە حکومەتی سوید هاوکاری و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بکات، خۆشبەختانە ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان سوید و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزدایە. "
سەرۆکی پەرلەمانی سوید، سوپاسی زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ئاماژەی بەوەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی پەرلەمانی سوید سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە نزیکەوە چاودێری ڕووداوەکان دەکات و پەیوەندییەکانمان و هاوکاری سوید بۆ کوردستان هەنگاوی گەورە بە خۆوە دەبینێت، بەتایبەتیش لە ڕووی مرۆیی و فریاگوزارییەوە.
لەسەر داوای فەرمی سەرۆکی پەرلەمانی هۆڵەندا و بۆ باسکردن لە بەجینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەرەو هۆڵەندا بەڕێکەوت، بڕیارە لەو سەردانەیدا بۆ هۆڵەندا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی هۆڵەندا و وەزیری دەرەوەو چەند بەرپرسیکی تری ئەو ولاتە کۆببێتەوە.
کامەران سوبحان، سکرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمان، بۆ سایتی فەرمی پەرلەمان ڕایگەیاند و وتی: "سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی پەرلەمانی هۆڵەندا یە، بەمەبەستی ناساندنی دۆسیەی بە جینۆسایدناساندنی کارەساتی شنگال و پرسی ئاوارەکان و هاوکاری نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی هۆڵەندا دەبێت".
لەبارەی ئەو کەسانەی یاوەری سەرۆکی پەرلەمانن، کامەران سوبحان، وتی "لەم سەردانەدا چەند پەرلەمانتارێک یاوەری سەرۆکی پەرلەمانن کە پێکهاتوون لە پەرلەمانتارانی نەتەوە جیاوازەکان، لەوانەش نوێنەری تورکمانەکان، ئێزیدییەکان، مەسیحییەکان و سریانییەکان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان و سکرتێری سەرۆکی پەرلەمان و ڕاوێژکارێکی پەیوەندییەکان.".
سکرتێری رۆژنامەوانیی سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی ئەجێندای بەرنامەکانی سەرۆکی پەرلەمان، وتی: "بەرنامەی سەردانەکەی بەو شێوەیە دەبێت کە سەرۆکی پەرلەمانی هۆڵەندا بە فەرمی پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکات، دواتر وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا میوانداری سەرۆکی پەرلەمان دەکات بۆ قسەکردن لەسەر کەیسی جینۆساید و کوشتن و ئاوارەکردنی مەسیحی و ئێزییدیەکانی شنگال و مووسڵ و ناوچەکانی دیکە و هێرشی چەکدارانی داعش بۆ هەرێمی کوردستان".
د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵیت: "ئەم قەیرانە ئابوورییەی ڕووی کردووەتە هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەت و هەمو لایەنە جیاوازەکانە بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕێن بۆ دەربازبوون لەم قەیارانە و باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان.
پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی ئاوارەکان و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی بە جینۆسایدناساندنی شەنگال هاو هەڵوێستبوون، بڕیاریشدرا کۆبوونەوەی دەوری لەنێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو ڕوداو و کێشە کتوپرانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە، هەردوولاش سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان کرد لەهاوکاری مرۆیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان.
ئەم هەماهەنگییەی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 26 ی ئابدا هات، کە لە نێوان د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەتەلاری پەرلەمانی کوردستان سازکرا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆکی حکومەت و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان و مەولود باوە موراد وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان بهرێوهچوو.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی کارو چالاکی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ بەدواداچوونی کێشەی ئاوارەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و سەردانە مەیدانییەکانی پەرلەمان بۆ بەسەرکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆرستاندا.
دواتر نێچیرڤان بارزانی، باسی لەهەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەدەمەوەچوونی ئاوارەکان بە گشتی و ئاوارە مەسیحی و یەزیدییەکانی ناوچەی شنگال و موسڵ بە تایبەتی، رەخنەشی لە بێ هەڵویستی حکومەتی عێراق گرت لەبارەی پرسی ئاوارەکان، هەدولایان کۆکبوون لەسەر ئەوەی پەرلەمان و حکومەت هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ پەرلەمانی وڵاتانی دونیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و بۆ ئاگادارکردنەوەی زیاتریان لە کێشە و گرفتی ئاوارە مەسیحییەکان و پرسی جینۆسایدی شهنگال .
لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیشەوە، پەرلەمان و حکومەت هاوهەڵویست بوون کە پێویستە کورد لە پیکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا هاوکاری لایەنەکانی تری عێراق بێت بەو مەرجەی مافە ڕەواکانی گەلی کورد پارێزراوبێت، وەک نیازپاکییەک بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە لەسەر حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بە زووترین کات موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لەبارەی هەمان پرس، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا، پەرلەمانی کوردستان، وەک مەرجەعی خەڵکی کوردستان بانگێشتی لیژنەی دانووسانی هێزە کوردییەکان دەکات بۆ پەرلەمان، بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی گفوگۆکانی نێوان کاندیدی ڕاسپێراوی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق و لیژنەی دانووساندکاری هەرێمی کوردستان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢ی ئاب، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان، پێشوازییان کرد لە ئارام شێخ محەمەد جێگیری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی فراکسیۆنە کوردییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا سەردانی پەرلەمانی کوردستانییان کردبوو.
راگەیاندراوێکی بەپەلە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ
بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پیرۆزبایی لە خۆتان و هەموو ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەم بەبۆنەی بەدەستھێنانی متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و دەستبەکاربوونتان لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کورستان. هیوادارم لەم ئەرکە گرینگ و هەستیارەدا سەرکەوتوو بن و تواناکانتان بۆ خزمەتی گەل و وڵات بخەنەگەڕ.
ئێستا وڵاتەکەمان بە قۆناغێکی تازەدا تێدەپەڕێت و ئەرکی ئێوەش گرانترە، داواکارم هەموولایەک هاوکار بن و لە ئاست راپەڕاندنی ئەو ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییە گرینگەدا بن کە ئەو قۆناغە نوێیە لێمان دەخوازێت. پێویستە بە یەک تیم و ڕۆحی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر گەل و نیشتیمانەکەمان کار بکەن و لەکاتێکدا بەردەوامیی بە هەنگاوەکانی کابینەکانی پێشووی حکوومەتی هەرێم دەدەن، هاوکات بۆ زیاتر پێشخستنی وڵاتەکەمان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەربەرزانە بۆ هاووڵاتییان، بە بەرنامەیەکی هاوبەش هەنگاوی مەزن بنێن.
هەر لێرەوە دەستخۆشی لە کابینەی حەوتی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان دەکەم و سپاسی ماندووبوونیان دەکەم، ئەرکی زۆریان کێشا و جێدەستیان دیارە.
هەر شاد و سەرکەوتوو بن.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
19/6/2014